ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، بەشداریان لە پانێڵێكی دیداری مێری لە شاری هەولێر كرد.
لە پانێڵەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا سەرەتا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی كرد و كۆچی دواییی ئەحمەد چەلەبی بە خەسارەتێكی گەورە بۆ هەموو عێراق زانی، هەروەك سوپاسی داوەتكردنیشی لەو پانێڵەدا و سوپاسی بەشداریی بەڕێز وەزیری دەرەوەی توركیاى لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، كرد.
دواتر باسی لە ستراتیژیەتی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ستراتیژیەتە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە هەرێمی كوردستان كارەكتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەكەدا و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت و هەوڵ بدات پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە گەشە پێ بدات و توركیاش یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە هەرێمی كوردستان بە گرینگییەوە سەیری ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئهو وڵاته دەكرد، چونكە توركیا دوای ساڵی 1991 كاریگەرییەكی زۆری هەبوو بۆ دانانی ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە سەردەمی خۆالێخۆشبوو تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی پێشووتر و پاراستنی هەرێم لە هێرشەكانی ڕژێمی بەعس و لە كاتی پرۆسەی ئەنفالیش ڕێگەی بە ئاوارەكان دا بچنە ناو خاكەكەیەوە و باوەشی بۆ كردنەوە.
هەروەها ئاماژەی بە قۆناغی پێش هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاك پارتی) كرد و بیری هێنایەوە كە لەو قۆناغەدا هێزێكی زۆری سوپای توركیا لەسەر سنوورەكانی هەرێم هەبوو و هەڕەشە لە هەرێم دەكرا، بەڵام دوای هاتنی ئاك پارتی بۆ سەر دەسەڵات، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە شێوەیەك برەویان پێ درا كە ئێستا دەتوانن بڵێن پەیوەندییەكی ستراتیژییە و ئەمەش لەسەر حسابی هیچ لایەنێك نییە، بەڵكو لە بەرژهوەندیی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی هەرێمی كوردستاندایە، بۆیە ئەوان لەو بڕوایەدان كە زۆر شت هەیە دەتوانن پێكهوه بیكەن.
سەبارەت بە قۆناغی ئێستای عێراقیش، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە قۆناغی ئێستای عێراق تەواو نوێیە و ئەوان ماوەی 12 ساڵ وەستان تا دەستوورێك جێبەجێ بكرێت، بەڵام نەكرا و ناتوانن زیاتر لەمەش بوەستن بۆ ئەوەی بزانن دەستوور جێبەجێ دەكرێت یان نا و بە هەموو پێوەرێك ئەمڕۆ لە عێراقدا دەبێت بە جددی بیر لەوە بكرێتەوە كه ئەم وڵاتە بە چ شێوەیەك دابڕێژرێتەوە. دووپاتیشی كردەوە كە كورد هەر بژاردەیەك هەڵبژێرێت، بەغدا هەر شەریكی سەرەكیی هەرێم دەبێت و هەرێم هەر بڕیارێك بدات لەوانەش سەربەخۆیی كە مافی خۆیەتی، پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەبێت و ئەمە چوارچێوەی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە و حەقیقەتێكیشە.
سەبارەت بە ئەولەویەتی كارەكانی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوە دا كە ئەولەویەتی كارەكان ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشە كە سنوورێكی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتری لەگەڵ ئهو ڕێكخراوه تیرۆرستییه هەیە و لەو شەڕەدا ههرێمى كوردستان تا ئێستا نزیكەی 1300 شەهیدى داوە و 7000 بریندارى هەیە. سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی كرد كە لەو شەڕەدا یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە كه توركیا و ئێران و وڵاتانی ئەورووپا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوكاریی هەرێمی كردووە و بەردەوامیشە و بێ ئەو یارمەتیانەش ئەستەم بوو مەترسی و هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بوەستێنرێن، چونكە سیاسەتی هەرێمی كوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەوە بوو كە خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆریان بە دەست شەڕ و زوڵم و زۆرەوە چەشت، بۆیە كاتی ئەوە بوو وڵاتە ئاوەدان بكرێتەوە و دامودەزگاكانی دابڕێژرێنەوە و ژێرخانێكی ئابووریی تۆكمەی بۆ دابنرێت و هیچ كاتێك بیرمان لەوە نەكردبووەوه كە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆرستیی وەكوو داعش ببینەوە و هەرێم پێی وابوو ئهوه كاری سوپای عێراقە كه سنوورهكان بپارێزێت، بۆیە گرینگیدانەكان زیاتر بۆ ڕێكخستنی ناوخۆی هەرێم بووە كە لە ماوەیەكی كەمدا شتی زۆر كرا و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە كەموكوڕی نەبووە.
بەڕێزیان جەختی لەوەش كردەوە كە ئێستا هەرێم لە قۆناغی ڕاگوزهردایه و ئەمەش پێویستی بە پشوودرێژی هەیە و دیموكراسیەت و دامەزراوەی دەوڵەت و سەروەریی یاسا شتێك نین لە دەرەوە بە دیاری بۆ هەرێمی كوردستان بهێنرێن، بەڵكو ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ساڵانێكی زۆرە تا بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و وەك خۆی جێبەجێ بكرێن.
سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانیش بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بنكەفراوانی دانرا و هەموو لایەنەكانیش بەشداریان تیادا كرد بۆ ئەوەی وەك گرووپێك پێكەوە هەموو كێشەكان چارەسەر بكەن، هەندێك جار بژاردەی وا دروست دەبێت كە دەبێت لە نێوان خراپ و خراپتر یەكێكیان هەڵبژێری و گوتى: بهڵام ئێمه خراپمان هەڵبژارد نهك خراپتر، چونكه بژاردەی خراپتریش هەبوو. ئەوەشی نەشاردەوە ئەو ئاڵۆزیانەی كە ئێستا دروست بوون ئەوە ناگەیەنێت كە لایەنەكان لەگەڵ یەكتری دانەنیشن و گفتوگۆ نەكەن، ئەوان لەو باوەڕەدان ئەو كێشانە دەبێت بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر بژاردە بكەوێتە سەر ئەوەی ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەڵبژێرن یان شتێكی دیكە، بێگومان ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەڵدەبژێرن و هەموو هەوڵەكانیش هەر بەو ئاراستەیە دەبن، ئەمە بێجگە لە كێشەكانی دیكەی هاتنی ملیۆنێك و حەوتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی ئابووری كە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.
سەبارەت بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەتی كردەوە چوون بۆ بەغدا بە مانای ئەوە بێت كە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نەبووە، بەڵكوو پێچەوانەكەی ڕاستە. سەبارەت بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمیش، بەرێزیان دووپاتی كردەوە كە دابەزینی بەهای نەوت كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی هەیە و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو ژێرخانەی دروست كراوە تۆكمە نەبووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ژێرخانی ئابووری بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك دانراوە، لێكدانەوەی بەغدا وابوو كە هەرێمی كوردستان ڕێگەی دیكەی نییە، بەڵام ئێستا ئەوانیش تێگەشتوون كە هەرێم ڕێگەی دیكەی هەیە و ئەولەویەتش هەر ئەوەیە ڕێگەچارەیەك بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە، بەڵام گەر چارە نەبێت دەبێت ڕێگایەكی دیكە بدۆزرێتەوە.
بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە ئاساییە بەغدا ئاگاداری شەفافیەت و نرخ و چۆنییەتیی فرۆشتنی نەوت بێت و زۆر پێیان خۆشە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان نادەنە دەست بەغدا، چونكە كۆتاییی ساڵی 2014 كاتێك ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا كرا، مانگی یەكەم بودجەكەیان بە كەمی نارد و مانگی دووەمیشیان هەر بە كەمی نارد و ئەوە كێشەیەك نەبوو، بەڵام مانگی سێییەم كە ڕێژەی هەناردەی نەوت بەرز كرایەوە، بە بڕیارێك لە فڕۆكەخانەی بەغدا 50 ملیۆن دۆلاری دیكە لە بودجەی هەرێمی كوردستان كەم كرایەوە بێ ئەوەی هەر باسمان لەگەڵ بكەن، بۆیە ئەوان ناتوانن لەگەڵ ئەو بێ متمانەییە بەردەوام بن. هەروەها سوپاسی توركیای كرد كە دەرگای ئابووری و فرۆشتنی نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە و هیوای خواست لەگەل بەغداش بگەنە ئەنجامێكی باش كە لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت.
دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەربارەت بە بارودۆخی ناوخۆی توركیا و بە تایبەتی شەڕی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و پەكەكە، بەرێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوە بابەتێكی ناوخۆییی توركیایە و پێویستە هەر چارەسەرییەك لە چوارچێوەی وڵاتی توركیادا بێت و بەراوردێكی بارودۆخی كوردانی توركیای لە پێش و دوای هاتنی ئاكەپە بۆ سەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كرد كە ژمارەیەك دەستكەوتی بۆ گەلی كورد هەبوو، لەوانە پرۆسەی ئاشتی و هێوربوونەوەی بارودۆخی ناوچە گەرمەكانی شەڕ. هەروەها هیوای خواست ئەو دۆخەی ئێستا لە وێ دروست بووە بە پێداچوونەوەی هەموو لایەنەكان و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ و دیالۆگ، كێشەكان چارەسەر بكەن.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەشدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای تەوافق و باوەڕبوون بە یەكتری دروست كرا بۆ ئەوەی چواری ساڵی ئارام بەڕێ بكرێت، بەڵام كە ئەو بنەمایە پێشێل كرا و دەبێت ڕێگەی دیكە بدۆزرێنەوە و پێداچوونەوەش بە هاوپەیمانییە سیاسییەكان دەكرێت و هیوای خواست ئەو كێشانە بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و ئەو ئیجرائاتانەی كە كراویشن بۆ ئەوە بووە كێشەكە زیاتر تەشەنە نەكات.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریاش، بەرێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كێشەی سووریا پێویستی بە چارەسەرێكی سیاسی هەیە، بە شێوەیەك هەموو لایەنەكانی ئەو وڵاتە بەیەكەوە لەسەری ڕێك بكەون و نەهامەتییەكانی خەڵكی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانییەوە كۆتایی پێ بهێنێت و هیچ چارەسەرێكی دیكەش بێجگە لەوە سەركەوتوو نابێت.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد